کوردێک لە درامایەکی نەرویجیدا بەشداری دەکات

Google+ Pinterest LinkedIn Tumblr +
تەلەڤزیۆنیی فەرمیی نەرویج زینجیرە درامایەکی بە ناوی “وەکو نەرویجی” بەرهەم هێنا کە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدارە.
هەمزە ئاگۆشی، ئەکتەری کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “دراماکە باسی سێ بنەماڵەی تورک، فارس و پاکستانی دەکات کە لە نەرویج دەژین و نەیانتوانیوە واز لە نەریتە دواکەوتووانەکانیان بهێنن و لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا خوازراو نین.”

پۆستەری درامای وەکو نەرویجی
دراماکە دوو خاتوون بە ناوەکانی بەهارە بەدەوی (فارس) و مەلیکە (تورک) نووسیویانە و دەرهێنەرەکەی نەرویجییە بە ناوی تاریا.
هەمزە ئاگۆشی لە دراماکەدا رۆڵی باوکێکی خێزانە فارسەکە دەبینێت کە کچەکەی رۆژنامەڤانە و، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە دراماکە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نییە.
هەمزە ئاگۆشی پێشتر لە بوارەکانی شانۆ و سینەمادا کاری کردووە لە فیستیڤاڵی فیلمیش لە دهۆک بۆ فیلمی “شوانەکە” کە خۆی رۆڵی سەرەکیی تێدا گێڕاوە، خەڵاتی گەڵای زێڕینی بۆ باشترین کورتە فیلم بەدەست هێناوە.

پۆستەری کورتەفیلمی شوانەکە
دراماکە بەرهەمی کەناڵی “NRK”ی فەرمیی نەرویجە و لە هەشت ئەڵقە پێکهاتووە کە هەریەکێکیان 25 خولەکە.
بە گوتەی ئاگۆشی دراماکە لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە و بینەران “زۆر لێی رازین و بووەتە رۆژەڤ، چونکە یەکەم جارە درامایەک باس لە سێ فەرهەنگی جیاواز بکات.”

دیمەنێکی دراماکە لەپشتی کامێراوە
بابەتی فیلمەکە ئەوەیە کە منداڵەکانی ئەو سێ خیزانە رۆژهەڵاتییە وازیان لە دابونەریت و فەرهەنگی خۆیان هێناوە و دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ دابونەریت و فەرهەنگی نەرویجدا بگونجێنن، بەڵام نەرویجییەکان قبووڵیان ناکەن و بە چاوێکی جیاوازەوە لێیان دەڕوانن.
ئەکتەرە کوردەکە لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژێردرانیەوە بۆ رۆڵبینین لەو درامایەدا دەڵێت، “کاتێک لە نەرویج فیلمی ‘شوانەکە’ پەخشکرا، دەرهێنەری ئەم درامایە دیبووی و رۆڵی منی بە دڵ بووبوو، بۆیە داوای لێکردم کە لەم درامایەدا بەشداری بکەم.”
 هەمزە ئاگوشی ساڵی 1970ی زایینی لە گوندی “خەلیفەلیان”ـی ناوچەی سندووسی نەغەدەی مەڵبەندی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێناوە. خوێندنی سەرەتایی هەر لەو گوندە تەواوکردووە و پاشان ماڵیان چووەتە شاری مهاباد و قۆناغی ناوەندیی لەو شارە درێژە پێ داوە.

هەمزە ئاگۆشی لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ
ساڵی 1986 تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و بووەتە پێشمەرگە. کاری رۆژنامەوانیی لە ڕادیۆ  و چاپەمەنیی حیزبی دیموکراتەوە دەست پێ کردووە. پاشان بووەتە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان. 26 ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و لە ساڵی 2012دا چووەتە نەرویج.
سەرەڕای کاری سیاسی، لە ماوەی 27 ساڵ کاری رۆژنامەوانیـدا وەکوو کادری “رادیۆی دەنگی کوردستان” و لە  رۆژنامەکانی “کوردستان”، “کوردستان راپۆرت “، “ھەولێر” و ھەروەھا گۆڤارەکانی “سەرماوەز”، “بەڕوو “، “وەرزش “، “ئەدەب و ھونەر” و “ئەوین”ـدا وەک نووسەر و هەواڵنێر و  زمانەوان و هەڵەچن کاری کـردووە.
خاوەنی دوو کتێبی وەرگێڕانە بە ناوەکانی “منم بووکی بن لادن” و “مەلا و سێدارە.” ھەروەھا خاوەنی چەند سـروودێکی شۆڕشگێڕانەیە کە لە سەردەمی شاخدا گوتوونی.
کاری نووسین و دەرھێنانی بۆ چەند شانۆیەک کـردووە کە بریتین لە: شەمۆ و رەشماڵی کوردەواری، یادگارەکان، فرمێسکی ژن و،  دەرگا داخراوەکان. ئەوانە کاتی خۆیان لە هەولێر و دەوروبەری پێشکەش کراون.
کاری پێداچوونەوەی بۆ چەندین کتێبی نووسەران کردووە و لەگەڵ ئەوانەشدا شیعر و ئاوازی بۆ زۆر گۆرانی و سروود داوەتە چەند ھونەرمەندێکی ناسراوی نەتەوەکەمان.
لە وڵاتی نەرویج تێکەڵ بە کاری سینەما بووە و لە فیلمەکانی لە “چاوی تۆوە” و “شوانەکە”دا کە براوەی خەڵاتی گەڵای زێڕینی کورتە فیلمی فێستیڤاڵی دەهۆک بوو، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
خاوەنی دەیان نووسین و وەرگێڕان و بابەت و شیعر و چیرۆکە. ئێستا نیشتەجێی نەرویجە و سەرەڕای بەردەوامی لە کاری سیاسی و نووسین، لە بواری هونەریشدا چالاکە و دوایین کاریشی درامای وەکو نەرویجی “نۆشک ئیش Norsk-ish”ـە واتە “وەک نەرویجی.”

هەمزە ئاگۆشی و دوو ئەکتەری دیکەی درامای وەکو نەرویجی

 

| 79 جار خوێندراوەتەوە|

Comments are closed.

Open