کلیکی ئێرە بکە زەرەر ناکەیت دواتر لایکی بکە و سەدان بابەتی هەمەرەنگ ببینن

له‌هه‌ولێر کافتریا بۆ کچان کرایه‌وه‌ | ماڵپه‌ڕی سه‌ربه‌ست

له‌هه‌ولێر کافتریا بۆ کچان کرایه‌وه‌

22/01/11
  • بنێره‌ بۆ فه‌یس بوک

  •    ئه‌م بابه‌ته‌ 10,370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌

    ufuf
    بۆ یەكەمین جار لەشاری هەولێر كافتریایەكی تایبەت بەخانمان دەكرێتەوە، خاوەنی كافتریاكە دەڵێت “ئێرە تەنیا بۆ قاوەو چا خواردنەوە نییە، بەڵكو دەبێتە سەنتەرێكیش بۆ رۆشنبیركردنی ژنان”.
    چرۆ ئیسماعیل، 40 ساڵ، خاوەنی كافتریای خانمان، كە پێشتر سەنتەرێكی جوانكاری هەبووە، بیرۆكەی كردنەوەی ئەو كافتریایەی دوای ئەوە لەلا دروست بووە كە بینیویەتی لە شاری هەولێر هیچ شوێنێكی تایبەت بە حەسانەوەی ئافرەتان نییە.
    هەرچەندە لە زۆربەی رێستورانت و كافتریاكان شوێنی تایبەت بە خێزان هەیە، بەڵام چرۆ پێیوایە ئەو شوێنانە خزمەتی ژنان ناكەن “بەهۆی چاوگێڕانی هەندێك لەو پیاوانەی لەگەڵ ئافرەتەكان دێنە شوێنەكە، ئافرەتان ناتوانن وەك پێویست دوو قسەی خۆش لەگەڵ یەكتر بكەن و پێبكەنن”.
    كافتریاكە لەهۆڵێك كە رووبەرەكەی 200 مەترە، لە نێو باڵەخانەیەك دروست كراوە، ئێستا تەنیا كاری رێكخستنی ماوەو وەك خاوەنەكەی دەڵێت بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بە رووی خانماندا بكرێتەوە.

    چوونە ژوورەوە بۆ پیاوان قەدەخەیە

    لە بارەی تایبەتمەندی كافتریاكە، چرۆ ئیسماعیل دەڵێت “سەرجەم ئەو كارمەندانەی كافتریاكە بەڕێوەدەبەن ژن و كچن، رێگە نادەین هیچ پیاوێك بێتە كافتریاكەوە، ناوەناوەش كۆڕو سمینار بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان دەكەین”.
    سەبارەت بەجۆری ئەو خواردن و خواردنەوانەی تێیدا پێشكەش دەكرێت، چرۆ گوتی “هەموو جۆرە شلەمەنییەكی سارد و گەرم، خواردنی خێرای تێدا پێشكەش دەكرێت، بەڵام خواردنەوەی كحولی و جگەرە و نێرگەلەی تێدا نافرۆشین”.
    چرۆ ئیسماعیل، لەبارەی هۆكاری رێگەنەدانی هاتنی پیاوان بۆ كافتریاكە دەڵێت “ئێمە كۆمەڵگایەكی رۆژهەڵاتین و تائێستا بەلای خێزانەكانەوە ئاسایی نییە كچ و ژنەكانیان لەگەڵ پیاوی بێگانە دابنیشن، بۆیە بڕیاماندا هاتنی پیاوان بۆ كافتریاكە قەدەخە بكەین”، ناوبراو رەتیشیكردەوە مەبەستیان جیاكاری رەگەزی بێت و گوتی “وەك چۆن پیاوەكان حەز دەكەن لە شوێنێك بەیەكەوە دابنیشن و گاڵتەوگەپی خۆیان بكەن، ئافرەتانیش حەز دەكەن”.
    بەشێك لەژنان خۆشحاڵن بەكردنەوەی كافتریاكە و بوونیشی بە پێویست دەزانن، شەهلە فازڵ، 25 ساڵ، كە لە یەكێك لەقوتابخانەكانی شاری هەولێر مامۆستایە، دەڵێت”كردنەوەی ئەم كافتریایە شتێكی زۆرباشە، چونكە هەر هیچ نەبێ دەبێتە شوێنێك بۆ ئەو ئافرەتانەی كاتیان هەیە و دەتوانن لەگەڵ هاوڕێكانیان كاتێكی خۆش بەسەربەرن، یان ئەگەر میوانێكیان هات ویستیان لەدەرەوە شتێك بەیەكەوە بخۆنەوە بە ئارامی و بێ دوودڵی رووی تێبكەن”.
    شەهلە، پێیوایە ئەگەر لەداهاتوودا كافتریاكە نەبێتە جێگەی توانجی خەڵك و مەلاكان، ژنێكی زۆر رووی تێدەكەن. گوتیشی “دەخوازم بەرپرسانی كافتریاكە تایبەتمەندی كافتریاكە بپارێزن و هەوڵبدەن شوێنێك بێت بۆ رۆشنبیركردنی ئافرەتان و حەسانەوەیان، نەك شتی دیكە”.
    بەڵام جوان ئەحمەد 33 ساڵ، ژنی ماڵەوە و دایكی دوو منداڵ، پێیوانییە ئەو كافتریایە ببێتە ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی ژنان و رۆشنبیركردنیان، دەڵێ “بڕواناكەم جگە لەو ژنانەی ئێستا لە رێكخراو و سەنتەرەكان كاردەكەن، هیچ ژنێكی ماڵەوە لەلایەن مێردەكانیان و كەسوكاریان رێگەیان پێبدرێت بچنە ئەو كافتریایە، چونكە لەكۆمەڵگای ئێمە تائێستا وا باوە گازینۆ و كافتریا تەنیا تایبەتە بە پیاوان”.
    چرۆ ئیسماعیل، گەشبینە بەسەركەوتنی كارەكەی و دەڵێ لەبەر ئەوەی كافتریاكەمان هەر شوێنی خواردن و خواردنەوە نییە، ناوە ناوە كۆڕو سیمیناری تایبەت بەئافرەتان لەسەر چۆنیەتی پەروەردەكردنی منداڵ، مامەڵەكردن لەگەڵ خێزان و میوان و ماڵ و دەوروبەر و رێزگرتن لەمێرد، ساز دەكەین و ریكلامیش بۆ كۆڕو سیمینارەكان دەكەین.
    چرۆ، رەتیكردەوە كافتریاكەی بەهاندان و پاڵپشتی هیچ كەس و لایەنێك كردبێتەوەو گوتی “داوای پاڵپشتیم لە هیچ رێكخراو و حیزب و بەرپرسێك نەكردووە، لەسەر ئەركی خۆم كافتریاكەم كردووەتەوە، تەنیا جێگری پارێزگاری هەولێر كە زۆر سوپاسی دەكەم وەك هاوكاری كارەبای بەردەوامی بۆ دابینكردین”.
    ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنی وشەی “خانمان” بۆ كافتریاكەی ئامانجی یەكەمی ئەوەبووە دڵی هیچ لایەنێك لەخۆی نەڕەنجێنێ، گوتیشی “دەمەوێت كافتریاكەم وەك دیوەخانێكی كۆنی ژنانی لێبێت، منیش وەك ئاغا ژنێك زۆر بەسادەیی و بێ جیاوازی پێشوازی لەهەموو لایەك بكەم”.
    نوسەرو رۆژنامەنووس، تامان شاكر، چوار ساڵ بەر لە ئێستا بیرۆكەی كردنەوەی كافتریایەكی لەو شێوەیەی خستەڕوو، بەڵام گوتی “بەرپرسانی شاری هەولێر وەك پێویست هاوكارییان نەكردم بۆیە نەمتوانی كافتریاكە بكەمەوە”. سەبارەت بە كافتریاكەی چرۆش، تامان گوتی “كردنەوەی كافتریاكە جێگەی دڵخۆشییە، هیوای سەركەوتن بۆ ئەو خانمە دەخوازم، ناشتوانم بڕیاری پێشوەختە بدەم كە پرۆژەكە سەركەوتوو دەبێ یان نا، بەڵام پێموایە ئەگەر شوێنەكەی نزیك لەبازاڕ بووایە باشتر دەبوو”.

  • بنێره‌ بۆ فه‌یس بوک

  •    ئه‌م بابه‌ته‌ 10,370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌

    ئاگاداری گرنگ :تکایه‌ سه‌رنجێک مه‌نوسه‌ که‌له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتی گه‌له‌که‌مان ناگونجێت ئه‌م سه‌رنجانه‌ پاش پیاچوونه‌وه ‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌. بۆیه‌ خۆت ماندوو مه‌که‌ له‌نوسینی سه‌رنجی بێمانا. تا ئێمه‌ش ڕێگه‌ی سه‌رنج نوسین دانه‌خه‌ین.

    New Page 1

    لێرە کلیک بکەن بۆ نووسین بە کوردی سۆرانی

    سه‌رنج بنوسه‌

    ئیمه‌یڵه‌که‌ت که‌س نایبینێ

    Protected by WP Anti Spam

    میوانی سەرهێڵ

    0 میوان له‌سه‌ر هێڵه‌
    ................................. سه‌ردانه‌کان ژماره‌ی سه‌ردان

    گه‌ڕان له‌م ماڵپه‌ڕه‌

    کەش و هەوا

    درامای پەتریپوت

    ماڵپەڕی خۆشی

    ناوی منداڵان

    نرخی دراوه‌کان

    گۆرانی عه‌ره‌بی

    Archives

    New Page 1

     

    کلیکی ئێرە بکە زەرەر ناکەیت دواتر لایکی بکە و سەدان بابەتی هەمەرەنگ ببینن

    New Page 1
    New Page 1
    New Page 1
    NRT ناوخۆ پەیامنێر خەندان سبەی هاوڵاتی ئاوێنە
        سڤیل کوردیۆ لڤین PUK-MEDIA SNN