ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی sarbast.com وەرگیراوە و چاپکراوە


فەیسبوک خزمەتگوزارییەکی دیکەی ڤیدیۆیی زیاد دەکات

فەیسبوک خزمەتگوزارییەکی دیکەی ڤیدیۆیی زیاد دەکات

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خزمەتگوزارییەکی دیکەی ڤیدیۆیی زیاد دەکات کە بەکارهێنەران لەڕێگەیەوە دەتوانن سەیری ڤیدیۆ و زنجیرەی تەلەفزیۆنی بکەن.

تایبەتمەندییەکە ناوی "Watch" و بەم زووانە لەبەردەستی بەکارهێنەرانی فەیسبوکدا دەبێت کە ژمارەیەک ڤیدیۆ و زنجیرەی تەلەفزیۆنی تێدایە و بۆ هەندێکیان فەیسبوک خۆی پارەکەی داوە.

تایبەتمەندییەکە وا دەکات بەکارهێنەران ئەو ڤیدیۆ و زنجیرەیە هەڵبژێرن و سەیری بکەن کە هاوڕێ و کەسەکانیشیان لایان پەسەندە، هاوکات ئەوانەشی کە سەیری دەکەن دەتوانن کۆمێنت بنووسن و پەیوەندی بە یەکترییەوە بکەن.

مارک زوکربێرگ دامەزرێنەری فەیسبوک ڕایگەیاند "پێویست ناکات سەیرکردنی زنجیرەیەک نادیار بێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە چانسێک بۆ بەشداریپێکردنی ئەزمونێک و کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کەس کە هەمان شتیان بەلاوە پەسەندە."

هەرچەندە سەیرکردنی ڤیدیۆ لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە فەیسبوک بەردەستە، بەڵام زۆرینەیان ماوە کورتن و وەک ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە نین کە فەیسبوک بەنیازە بیخاتە بەردەستی بەکارهێنەران، ئەمەش دەکەوێتە کێبڕكێوە لەگەڵ تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبدا.

فەیسبوک لە ساڵی ٢٠٠٤دا لەلایەن مارک زوکربێرگەوە دامەزراوە و بارەگاکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە لە ئەمریکا. بەپێی نوێترین ئامارەکان، فەیسبوک لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە.


ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی بابەت: 2017-08-23