ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی sarbast.com وەرگیراوە و چاپکراوە


ئەڵمانیا.. پرۆژەیاسایەک بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران ئامادەکراوە

ئەڵمانیا.. پرۆژەیاسایەک بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران ئامادەکراوە

وەزیرانی ناوخۆ و کاری حکومەتی ئەڵمانیا، پرۆژەیاساییەکیان بۆ ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانە ئامادەکردووە کە ناتوانن تێکەڵی نەریتی ئەڵمانیا ببن.

دوێنێ چوارشەممە، ھۆرس زیھۆفە و ھاوبیرتوس ھایل، وەزیرانی ناوخۆ و کاری حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایانکرد، پرۆژەیاسایەکیان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی نایاسای ئامادەکردووە، پرۆژەیاسایەکە تیشک دەخاتە سەر خێراکردن و کارکردن لەسەر گەڕاندنەوەی ھەندێک لە کۆچبەران کە مافی مانەوەیان لە ھەرێمەکانی ئەڵمانیا ڕەتکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، ھەر کۆچبەرێک "یاسای گەڕانەوە" بیگرێتەوە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار کار لەسەر ناردنەوەی بکەن.

پرۆژەیاسایەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە، کە گومانیان لێبکرێت زانیاری ھەڵەیان داوە بە حکومەت یان زیانیان بە سەروەریەکانی ئەڵمانیا گەیاندووە، ئەو کۆچبەرانەش کە پابەندی جێبەجێکردنی یاساکە نابن سزا دەدرێن.

لە پڕۆژە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو کۆچبەرانەی لە ڕێگەی خوێندنی پیشەیی یا کاری سپی خۆیان تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا کردووە، ئاسانکاری مانەوەیان بۆ دەکرێت.

هەندێک لەهەرێمەکانی ئەڵمانیا ئەو پرۆژەیەیان رەتکردووەتەوە، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی نۆرد ڕاین و چەند بەرپرسێکی دیکە ڕەخنەی توندیان لە پڕۆژە یاساکە گرتووە.

 ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمەکان بڕیاریان لەسەر  ئەو پڕۆژە یاسایە نەداوە، بە پێی وتەی ھەندێک لە میدیا ئەڵمانیەکان بەر لە پشووی ھاوینە پەرلەمان ئەو پڕۆژە یاسایە یەکلادەکاتەوە.

هـ.ع


ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی بابەت: 2019-04-18