ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی sarbast.com وەرگیراوە و چاپکراوە


ڤایرۆسێکی نامۆ لە چین دوو کەس دەکوژێت و دەیان کەس نەخۆشدەخات

ڤایرۆسێکی نامۆ لە چین دوو کەس دەکوژێت و دەیان کەس نەخۆشدەخات

کاربەدەستانی تەندروستیی لە شاری (ووهان) لە چین ڕایدەگەیەنن کە شەممە ١٩ی کانوونی دووەم چوار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسێکی نامۆ تۆمارکرا کە لە نەوەی ڤایرۆسی (سارس) هەژماردەکرێ، بەمەش کۆی حاڵەتە تۆمارکراوەکان گەیشتە ٤٥ کەس.

بەڵام بە لێکدانەوەی پسپۆڕانی تەندروستیی کۆمەڵ، ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان زۆر لەوە زیاترە و وایدەبینن تاکو ١٢ی ئەم مانگە زیاتر لە ١٧٠٠ کەس تووشبووبن، بەڵام بە فەرمی تۆمار نەکراون.

بەپێی راپۆرتێکی کۆلێجی شاهانەی لەندەن ( کە زانکۆیەکی تایبەتمەندی توێژینەوەیە بە هاوکاریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی) ژمارەی حاڵەتە ڕاستەقینەکان ٤٠ هێندەی ئەوەیە دەسەڵاتداران و لایەنە فەرمییەکان ڕایانگەیاندووە.

توێژەرەکان بە پشتبەستن بە داتاکانی دەرەوەی چین (دوو حاڵەت لە تایلەند و حاڵەتێک لە ژاپۆن) و هەژمارکردنی گەشتەکان لە ووهانەوە بۆ دەرەوە، خەمڵاندنیان بۆ ژمارەی تووشبووانی پارێزگای ووهان کردووە.

هۆکاری نەخۆشییەکە

ڤایرۆسەکە سەر بە خێزانی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) یە، کە خێزانێکی فراوانە لە ڤایرۆس و ژمارەیەکی زۆر نەوە و جۆری هەیە کە لە مەترسیدا جیاوازن لە هاوتای ئەنفلۆنزای ئاساییەوە تاوەکو جۆری کوشندەی وەکو سارس.

ساڵانی ڕابردوو نەخۆشییەکانی سارس لە چین و مێرس لە وڵاتانی کەنداو دەیان کەسیان کوشتووە، کە تووشکەرەکانیان لە نەوەی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا بوون.

بەپێی توێژینەوەی پزیشک و توێژەرانی چین، بەشێکی بەرچاو لە تووشبووەکان ئەوانەن کە لە بازاڕەکانی فرۆشتنی ماسی و خواردنە ئاوییەکانی دیکە کاردەکەن.

ئەمریکا ڕێوشوێنی گرتەبەر

ئەو وڵاتانەی لە پارێزگای ووهانەوە گەشتیاریان بۆ دێت، رێوشوێنیان گرتووەتەبەر، هەر دوێنێ ئەمریکا فەرمانی کردووە هەر کەسێک لەو ویلایەتەی چینەوە دێتە ئەمریکا، پشکنینی بۆ بکرێ بەر لەوەی فڕۆکەخانە بەجێبهێڵێ بە ئاڕاستەی ناو ئەمریکا و بۆ ئەم مەبەستەش ١٠٠ کارمەندی دەزگای کۆنترۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان (CDC) تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە کە لە سێ فڕۆکەخانەی ئەمریکا دەستبەکاردەبن، ئەو سێ فڕۆکەخانە ئەوانەن کە لە ووهانەوە گەشتیاریان بۆ دێت.

دوو کەسی کوشتووە

ئەوەی ڕاگەیەنراوە دوو کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسە نوێیە مردوون و ژمارەیەک لە تووشبووانیش لە یەکەکانی چاودێری نەخۆشییە گوازراوەکان خەوێنراون.

ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی بابەت: 2020-01-19