ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی sarbast.com وەرگیراوە و چاپکراوە


لە چین کەمترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار دەکرێت

لە چین کەمترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار دەکرێت
تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین رۆژ دوای رۆژ لە کەمبوونەوەدایە و لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا کەمترین تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە کە ژمارەیان تەنیا 125 کەسە.
 
ئەوەیش ژمارەیەکی ئێجگار کەمە بۆ وڵاتێک کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە جیهاندا و تەنیا لەو شارەی ڤایرۆسەکەی لێ دەرکەوتووە 11 ملیۆن کەس دەژین.
 
ژمارەی چاکبوونەوەی خەڵک لە کۆرۆنا لەبەرامبەر تووشبوون پێی خێرایە و ژمارەی ئەو کەسانەی نەخۆشخانەکانیان بەجێهێشتووە، لە کۆی 90 هەزار کەس 48 هەزار و 173 کەسە. 
 
تاوەکو ئێستا لە هەموو جیهان سێ هەزار و 117 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە،  39 هەزار و 640 دۆخی چالاک لە هەموو جیهاندا هەن، واتە ئەو کەسانەی لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
 
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، سێنیگال، ئێکوادۆر و پاکستان بۆ یەکەمجار تووشبووی نوێ تۆمارکراون. لە ئەمریکاش سێ تووشبووی دیکە تۆمارکران و ژمارەی تووشبووان لەوێ گەیشتە 103 کەس و شەش کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەنیا 32 کەس بەهۆی کۆرۆناوە مردوون. رێکخراوە تەندرووستییەکان دەڵێن، چین پێشکەوتنی گەورەی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تۆمارکردووە.
 
ژمارەی تووشبووان لە چین 80 هەزار و 151 کەسن، دوو هەزار و 944 کەس گیانیان لەدەستداوە، 29 هەزار و 944 دۆخی چالاک هەن، 47 هەزار و 263 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین کە بە ناوی زانستیی COVID-19 ناسراوە، ئەو وڵاتە 16 نەخۆشخانەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەی کردەوە، ئێستا ڤایرۆسەکە بەرەو کۆتاییهاتنی دەچێت و یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بەو ڤایرۆسە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە داخرا.
 
وادیارە چین کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکەی کردووە و ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەکات کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.
 
می فێنگ، گوتەبێژی لیژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چین رایگەیاند، "لە ووهان کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکەمان کردووە و ئاماژەکان ئەرێنین".
 
لیژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چین رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 01-03-2020 بۆ یەکەمجار لە پارێزگای هوبی 196 تووشبوو بە ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ئەوە یەکەمین جار بوو لە رۆژێکدا کەمتر لە 200 تووشبوو تۆماربکرێت.
 
لیژنەی کاروباری یاسایی و سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی چین ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکات بەهۆی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە ژمارەی تووشبوون لە رۆژێکدا بەزوویی بگاتە کەمتر لە 100 کەس.
 
چێن یشین، سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی چین لە ووهان دەڵێت، "دۆخەکە لە شاری ووهان بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە".
 
جگە لە کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە چینی خاوەن دووەمین گەورەترین ئابووریی جیهان دوای دروستبوونی کێشە بۆ ئابوورییەکەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، خەریکە جارێکی دیکە ئابوورییەکەی دەگەشێتەوە، بەشێوەیەک کە 66%ی بازرگانییەکان و 53%ی پرۆژەکان دەستیان پێکردووەتەوە.
 
ڤایرۆسەکە کۆتایی ساڵی رابردوو لە ووهانەوە سەری هەڵدا و بەهۆیەوە 90 هەزار 936 کەس تاوەکو ئێستا تووشبوون و سێ هەزار و 117 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و 47 هەزار و 995 کەسیش چاک بوونەتەوە. تەنیا 100 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە دەرەوەی چین بوون. هاوکات نزیکەی 50 هەزار کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
 
لە ماوەی رابردوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ووهان کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوو، 16 نەخۆشخانەی کاتی بە 13 هەزار قەرەوێڵەوە کرانەوە.

ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی بابەت: 2020-03-03