ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی sarbast.com وەرگیراوە و چاپکراوە


ژمارەیەک بەڵگەنامەی دزەپێکراو دەریدەخەن ئامارەکانی کۆرۆنا راست نین

ژمارەیەک بەڵگەنامەی دزەپێکراو دەریدەخەن ئامارەکانی کۆرۆنا راست نین

ژمارەیەک بەڵگەنامە لە حکومەتی چینەوە دزەیپێکراوە، کە تیایدا دەردەکەوێت  دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ئامارەکانی توشبوانی و مردوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  راستگۆ نین و ئامارەکان چەندین چار زیاتر لەوەی بڵاودەکرێنەوە.

لە ماوەی نێوان 9 بۆ23 ی ئەم مانگە بەشێوەیەکی رۆژانە و بەردەوام دەستکاری ئامارەکانی توشبون و مردوانی پەتای کۆڤید کراوە 

 


بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان کە بەدەست ئێپۆک تایمز گەیشتوە، ناوەندی خۆپارێزی لە نەخۆشیەکان لە هەرێمی شاندۆنگ لە ماوەی نێوان 9 بۆ23 ی ئەم مانگە بەشێوەیەکی رۆژانە و بەردەوام دەستکاری ئامارەکانی توشبون و مردوانی پەتای کۆڤید کراوە و بەرێژەیەکی زۆر بەرچاو ژمارەکانیان کەمکراوەتەوە.

 ژمارەی توشبوان لە 2 تا 52 جار زیاترە لەوەی لەلایەن لیژنەی تەندروستی و ناوەندی خۆپارێزی نەخۆشیەکانی شاندۆنگەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا کراوە

 


لە بەڵگەنامەکاندا ئەوە ئاشکرا بوە، ژمارەی توشبوان لە 2 تا 52 جار زیاترە لەوەی لەلایەن لیژنەی تەندروستی و ناوەندی خۆپارێزی نەخۆشیەکانی شاندۆنگەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا کراوە.

هەر بەگوێرەی داتا دزەپێکراوەکان، تا رێکەوتی 23 ی ئەم مانگە هەزار و 992 حاڵەتی توشبون لە شاندۆنگ تۆمارکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە رێکەوتی 25ی ئەم مانگە دەسەڵتدارانی ئەو هەرێمە تۆمارکردنی تەنها 755 حاڵەتیان راگەیاند.

لەچەند رۆژی رابردودا، ئامارە بڵاوکراوەکانی لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی بەشێوەیەکی زۆر چاوەڕوان نەکراو کەمبونەوەی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنای دەردەخست، بەڵام بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەی ئیپۆک تایمز کە لە هەمان ئەو رۆژانەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ستافی پزیشکانی نەخۆشخانەکانی چین ئەنجامداوە، بەهۆکاری داخڵبونی ژمارەی زۆری توشبو، پزیشک و کارمەندەکان بەبێ پشودان کاریان کردوە.


لەچەند رۆژی رابردوشدا، بەرپرسێکی تەندروستی چین ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو هەواڵەی باس لە داکشانی ژمارەی توشبوانی پەتاکە دەکەن لە وڵاتی چین دورە لە راستیەوە و دەڵێت" رۆژانە لە کۆی هەر 50 حاڵەتێکی تۆمارکراو تەنها یەک حاڵەتی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا دەکرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتارێکی ئێران رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە زیاترە لەوەی بڵاوکراوەتەوە و دەشلێت" وەزارەتی تەندروستی ئێران بەرپرسە لەو حاڵەتە".


ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی بابەت: 2020-03-06