ئه‌لبوومی وینه‌ ڕێکلام بکه‌ به‌سته‌ره‌کان گۆرانی کوردی فیلم و دراما چاته‌ کوردیه‌کان ده‌رباره‌ی ئێمه‌؟ په‌یوه‌ندیکردن
     

به‌خێر بێرهاتنی خوێنه‌ران ده‌که‌ین بۆ ماڵپه‌ڕی سه‌ربه‌ست

 

کۆی گشت سه‌ردانه‌کان :

  count traffic

داگرتنی فۆنتی کوردی fonti kurdi

تكاو پاڕانەوە بەردەوامەكانی ئومێد بۆ بینینەوەی منداڵە تەمەن 4 ساڵەكەی هیچ سوودێكی نەبوو، كاتێكیش گەیشتە ترۆپكی نائومێدی، تاوانێكی ئەنجامداو 4 چەقۆی لە ژنە چیكییەكەی داو، ماڵی باوكیشی سووتاند، كە بووە هۆی مردنی خۆی. ئەو ڕووداوە شارۆچكەی كیرسلی بەریتانیای هەژاند.
ئومێد حەمە سەعید، 32 ساڵ، خەڵكی هەڵەبجەی شەهیدە و 10ساڵ لەمەوبەر رێگەی ئەوروپای گرتەبەر و گەیشتە بەریتانیا، بەهۆی بێ پاسپۆرتی نەیتوانی یەك جاریش بگەڕێتەوە كوردستان. پێنج ساڵ لەمەوبەر ئومێد لەگەڵ كچێكی بە رەگەز چیكی بەناوی هیلكۆ، ژیانی هاوسەری پێكهێنا و منداڵێكیان بوو، ناویان نا (شەهریار)، بەڵام نەگونجان لێكی جیاكردنەوەو شەهریار كەوتە لای دایكی.
ئیحسان حەمە سەعید، برا بچووكی ئومێد دەڵێ "براكەم بێ ئەندازە هۆگری كوڕەكەی بوو"، وەك ئیحسان باسیكرد، كێشەكانی ئومێد بەجیابوونەوەی هاوسەرەكەی دەستیان پێكرد، كاتێك هیلكۆ شەهریار لەگەڵ خۆی دەبات  و دەچێتە شوققەیەكی دیكە "چەندین جار لەگەڵ هیلكۆ قسەی دەكرد و داوای لێدەكرد رێگەی پێ بدات شەهریار ببینێ، بەڵام ئەو رێگەی نەدەدا".
ئیحسان جارێك بۆخۆی ناچار بووە بەتەلەفۆن لە كوردستانەوە قسە لەگەڵ هیلكۆ بكات "داوام لێكرد یان رێگە بەئومێد بدات كوڕەكەی ببینێ، یان پۆلیس ئاگادار بكاتەوە، تا كەسیان تووشی كێشە نەبن، بەڵام بەقسەی نەكردم".
ئومێد حەمە سەعید، لە شارۆچكەی كیرسلی سەر بە شاری مانچستەری بەریتانیا، سەرتاشخانەی هەبوو، تاوەكو ساڵێك لەمەوبەریش بەهۆی شەهریارەوە خۆی بە بەختەوەرترین كەسی سەر زەوی دادەنا. ئیحسان دەڵێ "چەند جارێك ئەوەی بە هاوڕێكانی گوتووە". بەڵام بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشەكانی لەگەڵ هیلكۆی هاوسەری، واز لەكارەكەی دێنێ  و خۆی دەداتە دەست ژیانی گۆشەگیری و لەگێژاوی بیركردنەوەدا، هەمیشە بۆ چارەنووسی شەهریار دەگەڕێ و دەگریێ.
"لەو دواییانەدا كە قسەی لەگەڵ دەكردین بەتەواوی رووخابوو، هەمیشە دەیگوت، ئەگەر خۆم كوشتبێ هەر دەبێت ئەو منداڵە وەربگرمەوە".
ئیحسان لە گێڕانەوەی چیرۆكی دڵتەزێنی براكەیدا دەڵێ هەرچەند ئومێد كێشەی لەگەڵ هیلكۆ هەبووە، بەڵام قەت باسی نەدەكرد كە نێوەڕۆكی كێشەكەیان چییە "تەنها دەیگوت پێكەوە ناگونجێین  و هیچ بەقسەی من ناكات و وەك ئافرەتێكی ئەوروپی هەڵسوكەوت دەكات و منیش ئەوەم پێ قبوڵ ناكرێ".
بەپێی گێڕانەوەی براكەی، دوای بێ سوودی هەڵڕشتنی تكاكانی لە بەردەم هیلكۆدا، ئومێد دەگاتە ئەوپەڕی رەشبینی  و بڕیارێكی ترسناك دەدات. بڕیاریداوە ئەگەر بەشەڕیش بێت منداڵەكەی بەدەست بێنێتەوە، بۆیە رۆژی 14/7/2010 چەقۆیەك هەڵدەگرێت  و دەچێتە ماڵی باوكی هیلكۆ كە لەوێ بووە، دوای ئەوەی 4چەقۆ لە هیلكۆ دەدات، ئاگر لە ماڵەكە بەردەدات. بەڵام هیلكۆ بە برینداری دەچێتە دەرەوەو دەرگا لەسەر ئومێد دادەخات، بەوشێوەیە ئومێد دەسووتێ  و گیان لەدەستدەدات.
تاڤان عەبدولكەریم، ژنی برای ئومێد، چەند جار قسەی لەگەڵ ئومێد كردووەو داوای لێكردووە ئارام بێت و بەهێزتر بێت لەكێشەكانی "دەمانگوت هەوڵبدە دڵی هیلكۆ بەدەست بێنیەوەو كێشەكەی لەگەڵ چارەسەر بكەی، بەڵام دیاربوو هیلكۆ زۆر ئازاری دەدا"، لەپەیوەندییەكدا ئومێد بە تاڤانی گوتووە "من دەمەوێ منداڵەكەم ببینمەوە، پێمدەڵێ وەرە بیبە بۆ پارك، كە دەچم دەرگاو تەلەفۆن دادەخات و لە ماڵ نییە".
پرسەی ئومێد تەواوبووە، بەڵام تاوەكو ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە هێشتا تەرمی ئومێد نەگەیشتووەتەوە كوردستان. لەنێو پرسەكەدا، دایكی ئومێد وێنەیەكی ئومێد و شەهریاری هەڵگرتبوو، كە ئومێد بۆی ناردووەتەوە. ئەو هێندە گریابوو هێزی قسەكردنی تێدا نەمابوو.
ئەو شەوەی ئومێد چووەتە سەر ماڵی هیلكۆ، ماوەی 4 كاژێر قسەی لەگەڵ ئارامی ئامۆزای كردووە، ئارام دەڵێ، لەكاژێر هەشتی شەوەوە تاوەكو 12ی شەو لێی پاڕامەوە لەسەرخۆ بێت  و بیر لە كاری خراپ نەكاتەوە "بەردەوام دەیگوت من بەبێ ئەو منداڵە ناتوانم بژیم". هەروەها لە درێژەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەئارامی گوتووە "باشترین چارەسەر بۆ هەر كەسێك كە كێشەی هەبێت، مردنە".
بەڵام ئارام بەڵێنی لێوەرگرتبوو كە ئارامبگرێ و دەست بە ژیان بكاتەوە " بەڵام دیارە نەیتوانیوە ئەوە بكات  و بەتەواوی نائومێد بووە".
هێشتا پۆلیسی بەریتانی لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەن و وردەكارییەكانی روون نین، بەڵام وەك كەسوكاری ئومێد باسیدەكەن، جگە لە ئازاری قورسی مەرگی كوڕەكەیان كە ماوەی 10ساڵ بوو نەیانبینیبوو، ئێشی پڕ سوێی شەهریاری كوڕی ئومێدیش دایگرتوون. ئەو كاتەی ئومێد چووەتە سەر هیلكۆ و چەقۆكانی لێداوە، شەهریار لە باخچەی ساوایان بووەو رووداوەكەی نەبینیوە. وەك تاڤان عەبدولكەریم دەڵێ "هێشتا هیلكۆ لە ژیاندا ماوە، بەڵام برینەكەی سەختە".
هەروەك چۆن ئومێد نەیتوانی كوڕەكەی ببینێتەوەو لەپێناویدا خۆی كوشت، ئێستا خەمی دەستكەوتنەوەی شەهریار بووەتە خەمێكی ئاڵۆز بۆ ئەو خێزانە لە كوردستان و دەیانەوێ حكومەت  و رێكخراوە خێرخوازییەكان هاوكاریان بكەن لە بەدەست هێنانەوەی شەهریاردا .
هێرش ئیبراهیم، هاوڕێی نزیكی ئومێد، كە لەگەڵ ئومێد پێكەوە چوونەتە بەریتانیا، دەڵێت چەند جارێك بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئومێد كردووە "هەر جارێك قسەم لەگەڵ كردبێ، دەیگوت ئەو منداڵەم بەقەدەر هەموو دونیا خۆشدەوێ، بەڵام كێشەكە لەوەدابوو منداڵەكە بەناوی ژنەكەیەوە بوو، بۆیە ئەو نەیدەتوانی بە رێگەی یاسایی كار بۆ وەرگرتنەوەی بكات"
.

Share |

 

 په‌یوه‌ندی به‌ ماڵپه‌ری سه‌ربه‌ست00447919191123    Sarbastt@Gmail.com  ll

 
مافی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی سه‌ربه‌ست ، به‌پرسیارنین له‌ناوه‌ڕۆکی بابه‌ت  

  سه‌ره‌وه

Copyright 2000  Sarbast.Com. All rights reserved. Created by | Webmaster